سه‌ره‌تا گۆرانی کوردی جیهانی حه‌یران ڤیدیۆ کلیپ هۆنراوه‌ دیمانه‌ لینک نوکته و قسه‌ی نه‌سته‌ق‌ په‌یوه‌ندی

Browse artist list: A | B | C | D | E | F | G | H | I | J | K | L | M | N | O | P | Q | R | S | T | U | V | W | X | Y | Z

شیاو کەمال: هەمیشە هەوڵم داوە  هونەرەکەم پێناسەى کەسایەتى من بێت.

هەردەم لە بەردەوامی بەرەو دۆزینەوەی ئەو کەسانەی بە ڕاستی لنێو هونەری کوردیدا کار دەکەن و بەڵام کەمتر لەنێو دوونیای ڕۆژنامەگەری وەدەرکەووتن، ئێمە وەک ماڵپەڕی لێزان.نێت بۆ ئەم جارە هونەرمەندێکی زێدە خۆشەویست و هەردەم خاندە لەسەر لێوتان زیاتر پێ ئاشنادەکەین. بۆ دیمانەی ئەمجارەمان هونەرمەند "شیاو کەمال"ـمان دەستنیشان کرد و ئەویش بە دڵێکی فراوانەوە هەوڵیدا گشت پرسیارەکانمان وەڵامدا، هەرچەندە پێشی ڕاگەیاندین ئەمە بۆ جاری یەکەمە لە ڕێگای ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکانەوە دەربکەووم بەڵام داواکەشی ڕەت نەکردینەوە. فەرموون ئێوەی خوێنەر و ئەم دیمانەیە لەگەڵ هونەرمەند "شیاو کەمال".

- سەرەتا شیاو گیان دەکرێت پێناسەیەکی خۆت و باسێک لە ئەزموونی کارەکانت بکەیت؟

و) وەک هەموو مرۆڤێکى ناو کۆمەڵگا هەر یەکێک حەزو خولیایەکى هەیە لەژیاندا منیش بەش بەحاڵى خۆم ئاواتی گەورەم میوزیکە بەتایبەتیش ئامێرى کەمانچە کە زۆر خۆشەویستە وە دەتوانم پەیڤەکانى ناخم لەڕێگەى ئەم ئامێرەوە دەربڕم. ئەزموونى کارە هونەریەکانم هەمیشە وام لێدەکات هەنگاو بە هەنگاو بیر لە کارى جوانى  هونەرى بکەمەوە بۆ ئەوەى هەمیشە سەرکەوتووتر بم لەبوارەکەى خۆمدا، چونکە میوزیک بەشێکى گرنگى ژیانى منە

- بۆ چی شیاو ئامێری کەمانی هەڵبژارد؟ ئایە ئامێرەکانی تر موزیکت وەلا ناوە؟

و) نەخێر ... لە ڕاستیدا هەر ئامێرێک تام و چێژى تایبەتى خۆى هەیە، بەڵکو وەکو باسم کرد کەمان خۆشەویسترین ئامێرە لەلام وە دەتوانم هەستى ناخى خۆمی پێ دەربڕم.

- وەک دەزانین ئێستا هونەری کوردی بە چەندین عەقارێکدا دەڕوات، تۆ هونەری کوردی چۆن دەبینیت؟

و) ئەگەرچى زۆر کەس هەیە ئاستێکى باشى نییە لە پێشکەشکردنى بەرهەمەکانیدا بەڵام لەگەڵ ئەوەش هونەرى کوردى لە قۆناغێکى زۆر پێشکەوتوو خۆى بینیوەتەوە، ئەمەش بەهەوڵى چەندان هونەرمەندى سەرکەوتوو لە بوارەکەیدا کە ئەمەش ئاسۆیەکى ڕووناک نیشان دەدات بۆ داهاتوو.

- هەستی شیاو چۆنە کە موزیک هونەرمەندێکی گەورە دەژەنێت؟

و) بێگومان هەست بە خۆشحاڵیەکى یەکجار زۆر دەکەم لە دڵەوە کە لەگەڵ هونەرمەندى گەورە میوزیک دەژەنم.

- چەند ئامادەیت کە لاوان هان بدەیت بەرەو موزیک و بەتایبەت ئامێری کەمان؟

و) بەڕاستى هەوڵ دەدەم بەردەوام لاوان پەروەردە بکەم لە بوارى میوزیک بەتایبەت من وەک مامۆستایەکى بەشى میوزیک لە پەیمانگاى هونەرە جوانەکان چەندین قوتابى فێر دەکەم وە هانیان دەدەم کە بتوانن لە دواڕۆژدا ببنە میوزیکژەنى سەرکەوتوو.

- تۆ یەکێک بویت لەو موزیکژەنانەی موزیکت بۆ هونەرمەند ''زەکەیا عەبدوڵڵا'' ژەند لە وڵاتی ''سوید'' هەستت لەو کات و ساتەدا چۆن بوو؟

و) بێگومان هەستم بەخۆشیەکى زۆر کرد لەو کۆنسێرتە لەگەڵ هاوڕێیانم و هونەرمەندى دەنگ خۆش "زەکەریا عبداڵڵا" کە هونەرمەندێکى دیارە وە ئێمە توانیمان هونەرێکى جوان پێشکەش بکەین.

- دەکرێت کەمێک باس لە پەیوەندیت لەگەل کەڵە هونەرمەندی فارس ''موعینی ئەسفەهانی'' بکەیت؟

و) بەڕاستى هونەرمەندى گەورەى فارس "موعین ئەسفەهانى" یەکێکە لە هونەرمەندە بە تواناکان و لە زۆربەى ووڵاتان ناسراوە ، هەستم بە خۆشیەکى یەکجار گەورە کرد کە لەگەڵ چەندین میوزیک ژەنى کوردى بە توانا و هونەرمەندانى میوزیک ژەنى بەتواناى فارس لە گرووپێک دا کۆنسێرتمان بۆ ئەو  هونەرمەندە گەورە سازکرد. ئەوە بووە جێگەى خۆشحاڵى من.

- شیاو بۆ هەڵبژێردا وەک موزیکژەنێت بۆ پڕۆگرامی ''کام تراک'' و ''ئەژدەر شۆو''؟

و) لەڕاستیدا من بەتەنیا نا بەڵکو ئێمە وەکو ئەو گرووپە (گرووپى میوزیکى کورد) دوامان لێکرا کە هەردوو پرۆگرامى "کام تراک" و "ئەژدەر شۆو" بە ئەنجام بگەیەنین ئێمەش بەخۆشحاڵیەوە قبووڵمان فەرموو چونکە خزمەتێکى گەورەیە بە هونەرى کوردى ، سوپاس بۆ خودا سەرکەوتین لەکارەکانماندا.

زانیاری زێدە تر لەسەر "گرووپی میوزیکی کورد"

- ئەو گرفتانەی دێنە پێش تۆو هاودۆستەکانت لەو دوو پڕوگرامە کامانەن؟

و)  دیارە هیچ گرفتێکمان نییە و زۆر بەئاسوودەیى وەکو برا وەکو یەک خێزان کارەکانمان بە ئەنجام دەگەیەنین.

- پەیوەندیت لەگەڵ موزیکژەنەکان بەگشتی چۆنە. وە بەتایبەت ''هەڵبەست سەڵاح''؟

و) پەیوەندیەکى هاوڕێیانەو برایانەم لەگەڵ هەموو میوزیک ژەنەکان بەگشتى هەیە. بەڵام مامۆستا " هەڵبەست سەڵاح" ئێمە نزیکەى  (٥) ساڵێکە بەبەردەوامى کاردەکەین بەیەکەوە وە زۆر زۆر ئاسوودەو دڵخۆشم لەگەڵ کارکردنى سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هیچ گرفتێمان  نییە و نابێت.

- ماڵپەڕی ''لێزان.نێت'' هەردەم لە کاردایە بۆ پتەوکردنی هونەری کوردی و ناساندی ئەو کەسانەی کار بۆ هونەری کوردی دەکەن، چی پەیڤێکت هەیە بۆ باشتر کردنی ماڵپەڕی لێزان.نێت لە ڕووی هونەریەوە؟

و) لە ڕاستیدا دیارە ماڵپەڕی لێزان.نێت یەکێک لە ماڵپەڕە هەرە جوان و پڕ لە هونەریە، خۆم خوێنەری بەردەوامی ئەم ماڵپەڕە هونەریەم. هیوا خوازم هەردەم دەنگوباسی هونەرمەندان لەم ماڵە پڕ هونەریەوە بگەیەنن بە هەموو تاکێکی کورد لە هەر شوێنێک بن، وە هیوادارم سەرکەووتووبن لە کارە جوان و پڕ لە بابەتە سەرنج ڕاکێشەکانتان بەردەوام بن، بەردەوامبوونی ئێوە بەردەوامبوونی ئێمەیە.


- دەکرێت کەمێک لەسەر ژیانی تاکەکەسی خۆت کەمێک بدوێیت شیاو گیان؟

و) لە ساڵى ١٩٨٥ لە کۆیە لەخێزانێکى ڕۆشنبیر لە دایک بووم پاشان خوێندنى سەرەتایى و ناوەندیم لە هەولێر تەواو کرد ، دواتر حەزوو ئارەزووم  لە بوارى هونەرى میوزیک وایکرد بچمە پەیمانگاى هونەرە جوانەکانى هەولێر و درێژە بە خوێندن بدەم  لە بوارى میزیک. وە لە ژیانى تایبەتى خۆشم حەزم لە هاوڕێیەتى و قسە و باسى خۆشە وە هەمیشە هەوڵم داوە  هونەرەکەم پێناسەى کەسایەتى من بێت.

- شیاو جگە لە هونەرەکەی عاشقی چیە و کێیە؟

و) لە ڕاستیدا جگە لە بوارى هونەرى حەزم لە خوێندنەوەو سەیرکردنى فیلمە.

- ژیانی هاوسەرگیریت پێک هێناوە؟

و) نەخێر.

- زەردەخەنەکانت لە پڕۆگرامەکانی ''کام تراک'' و ''ئەژدەر شۆو'' سەرنجی خەڵکیت زۆر ڕاکێشاوە بۆ خۆت، هەردەم زەردەخەنەت لەسەر لێوە؟

و) لەڕاستیدا ژیان هەمیشە بە شادى و بەختەوەرى جوانە وە پێکەنین و زەردەخەنە هۆکارێکن بۆ ساڕێژکردن و دەربڕینى هەستى ناخى مرۆڤ . بەڵێ بەردەوام زەردەخەنە میوانى لێوەکانمە.

- سەرسامی کام موزیکژەنی کورد و جیهانیت؟

و) لە کورددا مامۆستاى گەورە "دڵشاد محەمەد سەعید"  لە جیهانیش هونەرمەندى بەناوبانگ "یانى".

- هەڵًبەتە ڕوون و ئاشکرایە نێوان تۆ و جوانە مەرگ "عبدالقادر زەکى" هاورێیەتیەک بەیەکەوەى بەستبونەوە دەتوانى کەمێک باسى ئەو هاورێیەتیە بکەى بۆ خوێنەرانى لێزان نێت ؟

لە ڕاستیدا شیاو کەمال ناتوانێت بە چەند وشەیەک گوزارشت لە هاورێیەتى ئەو هونەرمەندە پر لە سۆزە بکات. دیارە مردنى کاکە عبدالقادر کارەساتێکى  زۆر گەورە بوو لە ڕاستیدا بۆ یەکەم جارم بوو لە ژیانم هەوالێکى لەم جۆرە ناخۆشە ببیستم دیارە ئێمە بە هۆى بەردەوام پێکەوە بوونمان لە بەرنامەى (کام تراک & ئەژدەر شۆو) و کارى ستۆدیۆ تێکەڵاویەکى یەکجار زۆر لە نێوانماندا هەبوو، بۆیە دەڵێم زۆر زۆر بەداخەوە بۆ کۆچى دوایى هاوڕێ و برام کاکە عبدالقادرى خۆشەویست خوداى گەورە بە بەهەشتى بەرینى شاد بکات. لە ڕاستیدا بۆشایەکى گەورەى لە هونەرى ئەمرۆدا درووست کرد وەکو چۆن بۆشایەکى گەورەى لە نێو دڵی مندا دروست کردوە. بۆیە داوا لە هەموو هونەرمەندان دەکەم تکا دەکەم هەموو یەکترمان خۆش بوێ دەست لەناو دەست بین بۆ ئەوەى هەموومان بتوانین جوانترین هونەر پێشکەش بکەین و دەرس لە ڕابوردوومان وەربگرین، خواى گەورە سێبوورى هەموو هونەرمەندان و بنەماڵەکەیان بدات بە تایبەتى دایک و باوکى.

- لە کۆتایدا شیاو گیان ئێمە هیچمان نەماوە جگە لە دەستخۆشی کردن و هیوای بەردەوامی لە هونەرەکەتدا، تۆ پەیڤێکت ماوە کە ئێمە لە یادمان کردبێت؟

منیش زۆر خۆشحاڵ بووم بەهیواى هەمیشە سەرکەوتن بۆ ئێوەى بەڕێز.

 
ئامادەکردنی دیمانە:
 هێمن کارێزەیی
Hemen@Lezan.Net

 



ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵگره‌ لێزان نێت بکه‌ به‌ ده‌ستپێکی خۆت ئه‌م لاپه‌ره‌ کۆپی بکه‌ ئه‌م لاپه‌ره‌ دابخه‌