|
چەژنانە
وەرە ئەم شەو هەناسەکەت
ئاوێزانى هەناسەم کە
ببە چەترى شادى دڵ و
خەمەکانم لەگەڵ بەشکە
***
زۆر هەوڵم دا بتدۆزمەوە
لە کونجێکى تاریکى شار
تا تێر لە باوەشت گرم
نەک هەرجارێ هەزاران جار
***
گوڵم کەى بۆم دادەبارێى
هەر وەکو ڕێژنە بارانێ
لە شەوێکى ئەنگوستە چاو
بەرێکەوت بێیتە ژوانێ
***
چەژنیش نەبێ بیکەیتە چەژن
بۆ ئەم دڵە پڕ لە ژانە
سەدان ماچى لێوى تەڕت
بۆ من بکەیتە چەژنانە
20/11/2003
-------------------------------------------
لێت
دانابڕێم
خۆشەویستیت وەک هەناسەم
بە ناخمدا شۆڕ بۆتەوە
بۆتە دڵۆپى خوێنى جەستەم
هەرگیز لێم جیا نابێتەوە
***
تۆ وەک نەمام لە کەنارى
دەریاى عەشقى من ڕواوى
بە نهێنى لەگەڵ هەست و
سۆزى دڵى من دواوى
***
لە هەر شوێنێ سەرنج بدەى
لەبەر دەمتام کڕنۆش ئەبەم
ڕۆژێ سەدجارحەزەکانم
لە ژێر پێتا لە خاچ ئەدەم
***
تا لێرەبى لە قەڵاوە
بانگى عەشقت ڕادەدێرم
هەموو شەوێ پەیامێکت
بە منارەدا بۆ ئەنێرم
***
کە چویتەوەش دڵنیابە
گوڵم لەوێش لێت دانابڕێم
شەوانە وەک مانگى چواردە
لە پشت گۆیژەوە بۆت هەڵد ێم
5/1/2004
-------------------------------------------
ئاوازى خەم
بۆ کوێ بەرم ئاهو ناڵەم
کێ ئاوڕم لێ ئەداتەوە
کێ بەزەیى بە من دادێ و
کێ باوەشم بۆ ئەکاتەوە
***
کێ گوێ ئەگرێ لە ئاوازى
خەمى ئەو دڵە شەیدایەم
ساڵانێکە هەر تەنیا خۆم
گوێ هەڵخستوى ئەو سەدایەم
***
لە بیابانى بێ ئومێدى
هێواش..هێواش..هەنگاو ئەنێم
هەرچى خۆزگەو ئاواتمە
بە ناچارى پێى لێ ئەنێم
***
پەیڤە ناسکەکانى ناخم
پیر بوون لە تافى جوانیدا
سەدان پرسیار لە هەستمدا
ئەژین لە چاوەڕوانیدا
29/10/2003
Shexani80@yahoo.com |