دیمانه‌ لینک هۆنراوه‌ڤیدێۆ کلیپگۆرانی کوردیسه‌ره‌تا

 کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی

A » B » C »D » E »F » G » H » I» J » K » L » M » N »O »P» Q » R »S» T» U»V »W» X» Y» Z

چی تۆی گه‌یانده ڕۆخی من؟

 

تۆ؟

له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی کام وشه

گه‌شتیته ڕۆخی شیعری من؟

تۆ؟

له‌گه‌ڵ تاڤی کام مانگه‌شه‌و

وا ڕێکه‌وتوی

تاریکی که‌ی ئاسمانی من؟

 

تۆ؟

درۆیه‌کی په‌شۆکاوی و

له دورگه‌ی عه‌شقێ هه‌ڵهاتوی تا

له نێو دڵی منا

خۆت بدۆزیتۆ

 

تۆ؟

پنداری نێو دڵی به‌ردی

ده‌ریایه‌کی بێ بنی و

ئه‌ته‌وێ ساباتێک

له‌سه‌ر ڕۆحی من

بۆ ته‌نهایی خۆت بکه‌یتۆ

 

تۆ؟

خه‌نده‌یه‌کی هه‌ڵهاتووی ده‌ست گریانی و

هاتووی بژونی من بژاکێنی

تۆ؟

ئاوازێکیت له نهێنی و

گۆرانییه‌کی بێ ئه‌مه‌گی و

گه‌ره‌کته کۆتایی

به زکری عه‌شقم بێنی

 

ته‌واو بێزارم

به جۆرێ ئه‌م بێزارییه

یه‌خه‌ی به‌دبه‌ختی گرتووم

حه‌ز ئه‌که‌م ئه‌مشه‌و کاتێ پێڵووه‌کانم لێکنا

ئیتر چاوانم نه‌که‌مۆ

یان دوای چڕینه‌وه‌ی ئه‌م گۆرانییه‌ی ناخم

چیتر هه‌ناسه‌ نه‌ده‌مۆ

 

من

ته‌واو بێزارم

له‌م ته‌مه‌نه پیره عومر درێژه‌م و

نه‌دره‌وشانه‌وه‌ی تاکه ئه‌ستێره‌یه‌کی شادی و

له هه‌مووشی زیاتر؟

له تۆ

ته‌واو بێزارم

له‌م خه‌ونه زینده‌به‌چاڵ کراوانه‌م

له‌م دڵه گه‌وره ساوایه‌م و

له گشتیان زیاتر؟

له بێ دڵی تۆ

 

ئاخر چی ده‌ستی تۆی هێنا

بێشکه‌ی ڕۆژگارم  ڕاژه‌نێ؟

ئاخر کێ چاوی تۆی نارد

فرمێسکی من بکاته باران و

به دڵی خۆیدا بیپرژێنێ؟

 

پێش هاتنت

من تاوژینی

کارتیش کردنی ژینێکی نوێ بوم و

دڵمم سوێند ئه‌یا

ڕێ به هیچ کوڕێ نه‌یا

ته‌ڤلی به ترپه‌کانی بێ

پێش هاتنت

داوای ئاشت بونۆم له خۆڕه‌می ئه‌کرد و

فێری چاومم ئه‌کرد

چاوه‌ڕوانی هیچ کوڕێ نه‌بێ

 

ناکاو هاتی و

گشت ژیانی منت تێکدا

هاتی و چی چڵه نێرگزی ده‌ستی شادییه

هه‌مویانت پێم فڕێدا

 

خۆ هێشتا خۆشم نه‌ویستوی

هه‌موو ئه‌م خه‌مه‌ت داومه‌تێ

خۆ من هێشتا ئاشقت نیم

چاوه‌کانمت دیل کردووه و

هه‌موو ئه‌م ئه‌شکه‌ت داونه‌تێ

 

تۆ؟

ڕه‌نگی چاوه ڕه‌شه‌کانت

ته‌نها له به‌ختی من ئه‌چێت

تۆ؟

قاقای پێکه‌نینه‌ ڕووشه‌کانت

ڕێک له ئاهو نزوله‌ی

ئه‌م دڵه‌ی من ئه‌چێت

 

ئاخر تۆ

که ئه‌زانی خه‌یاڵێکی و نایه‌یته دی

فێری دڵم بکه

چاوه‌ڕوانت نه‌بێ

یان وام لێکه

ڕقم لێت بێ

به‌ڵام دڵم له ڕق ناگات

ئێستا ئه‌زانم بۆچی

چی منداڵه خۆشی ئه‌وێم

تومه‌ز دڵم

له ساوایی خۆیان ئه‌کات

 

 

تۆ؟

شنه‌بای شاره‌که‌ی 

باوو باپیری هه‌ردوکمان

ڕایسپاردی ماچی

گوڵه هه‌نارێکیم پێ بگه‌یه‌نی

به‌ردێ له به‌رده‌کانی شار

تکای لێ کردی بیهێنی و

خه‌می دڵمی پێ بشکێنی

ئه‌و پێی وتی له بری ئاخ

نیلۆڤه‌ری تیا بڕوێنی

 

 به‌ڵام تۆ؟

وا هاتوی ئامه‌رتاتم لێ بتۆرێنی

هاتوی توانای هه‌ستی ڕه‌قت

به ناسکی

دڵی من ڕابێنی

 

هاتوی تۆڵه‌ی ڕابردووت

له ئاشوویی من بکه‌یتۆ

هاتوی به خه‌می من

به شیعری من

دڵه ونه‌که‌ت ئاشت که‌یتۆ

 

به‌ڵام دڵنیات ئه‌که‌م

قه‌ت ناتوانی

پێش ئه‌وه‌ی له دڵم

نزیک بیتۆ

من ئه‌ینێژم

حاشا له‌م دییه کاڵانه‌شم ئه‌که‌م

ئه‌گه‌ر بێتو بۆ تۆ

فرمێسکێکیان پێ بڕێژم

 

ئامه‌رتات: فریشته‌ی ته‌مه‌ن درێژی.

ڕووش: جه‌نگخواز.

 

کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی

هۆڵندا
Kany_awin@hotmail.com

هاتوه کۆتاییم پێ بێنێ

نوستبوو دڵم

نه‌ی ئه‌ویست به ئاگا بێ

پێڵووه‌کانی وا لێک نابوو

هه‌موو ته‌مه‌ن داخرابێ

عه‌یامێکه دڵم چیدی

پێکی عه‌شق ناخواته‌وه و

به وشه‌ی جوان خۆی مه‌ست ناکا

زه‌مه‌نێکه دڵم چیتر

له‌گه‌ڵ ترپه‌پێی هیچ کوڕێکدا

سه‌ما ناکا..

دڵی من سوێندی خواردووه

ئیتر بۆ خورتێ لێ نه‌دا و

ڕۆحی شێتم ئازار نه‌دا

به‌ڵام ناکاو....؟

ده‌نگێ هات و سوێندی شکان

به‌ڵام ناکاو؟

نۆتێ دڵمی خسته لێدان

من ئه‌پرسم:

ئه‌ی ئاسمانی تار و به‌رین

ئه‌م تروسکانه‌ی ڕوناهیت له کێ دزی؟

بۆ ته‌مه‌نم؟

من ئه‌پرسم:

ئه‌ی که‌وکه‌بی سه‌رسپی و خه‌مگین

ئه‌م نه‌رمه پێکه‌نین و خه‌ندانه‌ت

له زاری کام گوڵ کردۆته‌وه؟

بۆ ته‌مه‌نم؟

من تێ ناگه‌م....حاڵی نابم

ئه‌و که به‌هار ڕواندوێتی

چۆن ئه‌توانێ گه‌ڵا وه‌ریوه‌کانی

منی پایزی بدوێنێ؟

من نازانم بۆ هاتووه و

له کام دورگه‌کانی خه‌مه‌وه

ڕاسپێردراوه که ته‌نانه‌ت

خه‌میشم لێ بتۆرێنێ؟

به‌س دڵنیام...

ئه‌و هه‌ناسه‌ی

دای به دڵم هه‌ڵیمژێ

ئه‌و ده‌نگه‌ی توانی

فرمێسک به چاوانم بڕژێ

له خوێنی دڵ نوقمم ئه‌که‌ن

من دڵنیام

هه‌ر ئه‌و وشه پڕ خه‌ندانه‌ی

ده‌ستیان به پرچمدا هێنا

ئه‌و شه‌پۆله هێمنانه‌ی

بۆ که‌ناری چۆڵمی هێنا

له ئامێزی ته‌نیاییدا

توڕم ئه‌ده‌ن

هه‌نووک دڵم وا فێر بووه

له باوه‌شی شیعرا بنوێ و

به زمانێکی جوادا..

وه‌ک خۆی

وه‌ک ئه‌و

وه‌ک من بدوێ

به‌س دڵنیام

ڕۆژێ دادێ

نه ده‌نگی وه‌ک لایلایه

ساوایی دڵ ئه‌لاوێنێ

نه ئامێزی وه‌ک سنگی دایک

واڵا ئه‌کا و بمخه‌وێنێ

من دڵنیام ڕۆژێ دادێ

ئه‌م دڵه‌ی من بۆ ئه‌به‌دی

له‌سه‌ر سنگی تابوتێکدا

له ئامێزی سوندریکێکدا

ڕائه‌کشێنێ....

کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی

هۆڵندا

Kany_awin@hotmail.com
-----------------------------------------------------------------------------------------

دڵی دوژمن تار و خاکی من مانگ

شه‌وه زه‌نگه‌ و ئاسمان

تاریکتاریک

نه مانگ دیاره و

نه ئه‌ستێره سه‌رێک ئه‌دا

وه‌ک تارمایی دڵه‌که‌ی تۆ

پایزه‌ و گه‌ڵا ڕێزانه

له سه‌رتاپای ئه‌م دونیایه

که‌چی له وڵاتی من

له چواروه‌رزه‌ی ڕقی تۆدا

شه‌هید ڕێزانه و

خوێن بارانه

* * *

چاوی گه‌ڵاکانی خاکی من

به شه‌و و به ڕۆژ

شه‌ونمیان لێ ئه‌تکێ و

ووشک نابن

نێرگزی سه‌ر چیاکانم

زیزن له به‌هار

گوڵاڵه سووره‌کان

زیزن له سووری و

شه‌پۆله‌کانی ده‌ریاش

زیزن له که‌نار

* * *

ئاشقه‌کان هه‌رهه‌موویان

بێزارن له ژین

زه‌رده‌خه‌نه‌کانی خاکم

له شیوه‌ن ئاڵاون و

بێزارن له شین

هێنده گریاوه، دڵی خاکی من

* * *

ده‌نگی بولبول و که‌وه‌کان

پڕن له خه‌م

ئاوازی سترانی دڵه‌کان

هه‌ر هه‌نسکن و

هه‌ر کاپازێ بۆنی داهاتوو بدا

حه‌شار ئه‌درێ و

دا ئه‌پۆشرێ به په‌رده‌یه‌کی ئه‌ستوور

.......له‌....ته....‌م......

* * *

گشت پیته‌کانی شیعر و په‌خشان

هه‌موو لاپه‌ڕه‌ی چامه‌کان

سسه‌رتاپا ڕه‌شپۆشن

لێوی ناسکی گشت گوڵه‌کان

قه‌د و باڵای ڕێک و جوانی

گشت دره‌ختی کوێستانه‌کان

هه‌مووی ورده خۆمه‌ڵه‌مێشن

هێنده سوتاوه، جه‌رگی خاکی من

* * *

خۆ هێنده نییه

گریانی خاکم

میوانداری پێکه‌نین ئه‌کا

هێنده نییه خۆری شادی

له پشت ئه‌زمه‌ڕی منه‌وه

سه‌ره‌تاتکێ له‌گه‌ڵ

مانگه شه‌و ئه‌کا

هێنده نییه چاوه ڕه‌شه‌کانی هه‌ڵه‌بجه

که‌مێ ووشکن

هێنده نییه ماسی ووڵاتم

له بری خوێن، له نێو ئاوا مه‌له ئه‌کا

* * *

ئه‌تۆش هاتووی وا ئه‌زانی که ئه‌توانی

گوڵه‌کانی خاکی من

به ڕق و کینه‌ت بگریێنی؟

به‌ڵام بێ هۆش بوویت نه‌تزانی

گشت گوڵه‌کانی خاکی من

به فرمێسک ئاو دراون

هاتوی وا ئه‌زانی که ئه‌توانی

به هێزی زل و هه‌ڕه‌شه‌کانت

زیخێکی خاکی من بترسێنی؟

به‌ڵام بێ ئاگای نه‌تزانی

له ووڵاتی من نووکه ده‌رزیش

وه‌ک پێشمه‌رگه و گه‌ریلا

په‌روه‌رده کراون

* * *

هاتووی وا ئه‌زانی که ئه‌توانی

به کانی چیای من

زارت ته‌ڕ که‌یت و

ته‌ژناییت بشکێنی؟

دیسان بێ هۆشی نه‌تزانی

به‌رامبه‌رت شه‌پۆلی وردی کانییه‌کان

تاڤگه و ڕوبار و کارێزه‌کان

ئه‌بنه زریان

تۆ وا هاتووی به جه‌ندرمه‌کانت

جه‌رگی له‌ت له‌تی دایکانی

ووڵاتی من بسوتێنی؟

ئااااای...کاڵفامی

باش بزانه به‌رامبه‌رت

به‌ردی هه‌ڵماقۆ ی ده‌ست منداڵان

چه‌پکه گوڵی ده‌ست عاشقان

هه‌مووی گولله‌ن

گشت پێشمه‌رگه‌ن

بۆ نیشتیمان

* * *

تۆ پێت وایه که بتوانی

به‌ره‌نگاری قه‌ندیل و

هه‌ورامان و بادینان بیته‌وه؟

پێت وایه بتوانی ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ی هێرۆشیما

قه‌ڵای هه‌ولێر و

شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی

بسڕیته‌وه؟

* * *

گه‌ر ئه‌ته‌وێ بارانی قینی ناخی شه‌ڕه‌نگێزت

به سه‌ر خاکی منا ببارێنی

ئه‌وا پێت ئه‌ڵێم بوێره

بوێره و گولله‌یه‌ک بگره چڵه نێرگزێ

بزانه چۆن شه‌ونمی نه‌رمت

لێ ئه‌کاته ته‌رزه

ده بوێره

ده بوێره و پێ به به‌ردێکی خاکما بنێ

بزانه چۆن سوڕی ئارامی گه‌ردونت

لێ ئه‌کاته بومه‌له‌رزه

* * *

په‌یکاری تۆ ته‌نها له‌گه‌ڵ گه‌ریلادا نییه

نا...... نا

له ئاوردگای ئه‌م جه‌نگه‌دا

میلله‌تێکت به‌رامبه‌ره

هه‌مووی گه‌ریلا و پێشمه‌رگه

بۆ به‌رگری له کڵۆ خۆڵێکی خاک

منداڵ له پێش پیر و گه‌نجا

چه‌ک هه‌ڵئه‌گرێ و به‌رد هه‌ڵئه‌گرێ و

غار ئه‌دا وه دووی مه‌رگا

* * *

تۆ وا هاتووی به ده‌نگی بیکه‌یسی و فڕۆکه‌کانت

هاواری ئازادی و ئاشتی

سه‌ر زاری خاکم دامرکێنی؟

ده گوێ گره...

ئه‌وا هه‌موو پاسارییه‌کان

هاژه و خوڕه‌ی گشت کانییه‌کان

شیوه‌ن و گریه‌ی گشت دایکه‌کان

هاوار ئه‌که‌ن

سڵاوی گه‌رمی دڵی پڕ هومێدی مه‌ت پێشکه‌ش

پڵنگی هه‌ردی ووڵات

ئه‌ی هه‌ڤاڵی پێشمه‌رگه

له ده‌وری ده‌ست و تفه‌نگت گه‌ڕێم

که ڕۆژی خه‌بات

له ئاستی هه‌ڵمه‌تی تیژت

چ ناگرێ به‌رگه

Kany_awin@hotmail.com

 
www.Lezan.Net<2007-2008 © ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌یه‌ پارێز را‌ وه بۆ